شارپرێس:
مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت:"سێ رۆژە میدیای رەسمی و ناڕەسمیەكانی پارتی بە ئیعازو پلانی سەرووی خۆیان و بەدڵێكی رەشی پڕ لە قین پەلاماری شاری سلێمانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بەناوی سەرۆك و سەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكەی لالەزارو پرۆسەی چەسپاندنی یاسا بڵاودەكەنەوە".
لە راگەیەندراوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە "ئێمە بە میدیای پارتی و ئاغاكانیان دەڵێین نەك سێ رۆژ، بەڵكو سێ هەزار شەو و رۆژی تر پەلاماری یەكێتی و سلێمانی بدەن ناتوانن شكستی خۆتان و هێزەكانتان بەرامبەر خورشید هەركی و ناڕەزاییەكانی ئەو ناوچەیە داپۆشن".
دەشڵێت "هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەم پەلامارەی ئێوە بۆ ئەوەیە شكستی خۆتان و هێزەكانتان و سوتانی هەمەر و جێهێشتنی چەك و ڕاكردنتان بەرامبەر خورشید هەركی لە بیر خەڵك ببەنەوە بەڵام دیسانەوە دووبارەی دەكەینەوە سێ هەزار شەو و ڕۆژی تر ئەم دۆڕانەتان لەبیر هۆزی هەركی و خەڵكی كوردستان ناچێتەوە".
ئ.ه