ئێران سەرجەم كارەكانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەڵپەسارد

جیهان

20/09/2025‌ 441 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەسەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان کۆبوەوە و بڕیار درا بەکردەوە ڕێڕەوی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هەڵبپەسێرن.


ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردەوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، هەنگاوە نایاساییەکانی سێ وڵاتی ئەوروپایی سەبارەت بەپرسی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ کران و ڕاگەیەندرا سەرەڕای هاوکارییەکانی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ئاژانس و هەروەها پێشکەشکردنی چەندین پلان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە، بەهۆی هەنگاوەکانی وڵاتانی ئەوروپاییەوە، بڕیار درا بەکردەوە ڕێڕەوی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس هەڵبپەسێردرێت".

هەر لەكۆبونەوەكەشدا، وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردرا لەچوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات، درێژە بەڕاوێژەکانی بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، بڕیار درا سەرجەم كارەكانی ئاژانسەكە ڕابگیرێت و ماوەی هەفتەیەكە دەتیان بەكارەكانیان لەبنكە ئەتۆمیەكانی ئێران كردۆتەوە.