هەنگاوی ناردنی موچه دەستیپێکردو ئه‌مڕۆش هه‌رێم 120 ملیاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كات

کوردستان

25/09/2025‌ 6883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات‌و چاوەڕواندەکرێت، ناردنى پاره‌ى موچه‌ بۆ هه‌رێم خێراتر بكرێت‌و نه‌گاته‌ سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو، سه‌رچاوه‌یه‌كیش زانیاریى گرنگ بۆ شارپرێس ئاشكراده‌كات.


بەوتەی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێت.

دوێنێش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وەزیری داراییمان ڕاسپارد بەزوترینکات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025 بخەنەسەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلەبکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بەڕێکكەوتنێکی هاوبەشیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم‌و فیدراڵ".

دوێنێ مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، وا چاوەڕواندەکرێت لێرە بەدواوە، موچەی مانگی ئاب‌و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم تایبه‌ت به‌شارپرێسى وت، "هه‌موو ڕێكاره‌كان ته‌واوكراون‌و بڕیاروایه‌ ئه‌مڕۆ 120 ملیار داهاتى ناوخۆى هه‌رێم ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بكرێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو گوایه‌ ده‌بێت هه‌رێم 170 ملیار دینار داهاتى ناوخۆ ڕاده‌ستى به‌غدا بكات، 120 ملیارى داهاتى ناوخۆو 50 ملیاریش گوایه‌ پاره‌ى خانه‌نشینى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى یه‌كلابوه‌ته‌وه‌و ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌كرێت ته‌نها 120 ملیار دیناره‌و پاره‌كه‌ش ئاماده‌كراوه‌".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئێوارەی دوێنێ نوسراوی خەرجکردنی موچەی مانگی تەمموز لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق کرا، بەمەش ڕێکارەکانی ناردنی پارە دەستپێدەکات.