شارپرێس:
لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان دەم پارتی بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ڕێبازی دیموکراتیک و ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، کەمپینی "ئاشتیمان دەوێت"ی ڕاگەیاند.
لەکەمپینەکەدا دروشمەکانی "ئاشتیمان دەوێت، چونکە لەو باوەڕەداین کۆماری دیموکراتیک بنیات بنێین" "بژی ئاشتی" بەرزکرانەوە.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان یەتەر ئەرەڵ توما لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "بانگەوازەکەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا نەخشەڕێیە. گەلان پێویستییان بە ئاشتی و دیموکراسیی هەیە. ئەمڕۆ کەمپینێک بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێدەکەین. دەبێت مافی هیوای عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکرێت. مسۆگەرکردنی ئەم مافە تەنها مسۆگەرکردنێکی کەسی نییە بەڵکو مسۆگەرکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە."
هاوکات هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئامەد عەباس شاهین ڕایگەیاند "لەگەڵ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هیوای گەلان بۆ ئاشتی زیاتر بوو. ئێستاش بۆ دیموکراسی، یەکسانی و ئازادی لە دەوری بانگەوازەکە کۆدەبینەوە. ئاشتیمان دەوێت چونکە بە پێی ئێمە چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد مسۆگەرکردنی دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییە."
ئ.ه