شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونە ڕێککەوتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی نەوت دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان میکانیزمی ڕوون و تەکنیکی و ڕێکخراویی داناوە بۆ ئەوەی هەناردەکردن بە ئاسانی بەڕێوە بچێت.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵی بە بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی بە شێوەیەک کە بەرزترین ئاستەکانی شەفافیەت و کارایی بەدەستبهێنێت، وەزارەتی نەوت ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک ڕادەگەیەنێت کە دەستدەکات بە هەناردەکردن و گەیاندنی سەرجەم نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان جگە لەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخانکراوە لەلایەن ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوت (SOMO) لەڕێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
وەزارەتی نەوت ڕونیکردەوە، ئەمەش بەگوێرەی ڕێکارە بنەڕەتییە پەسەندکراوەکان و دەستور و بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە.
ئ.ه