شیركۆ كرمانج
ڕیفراندۆم وەک چەمک و وەک ماف بۆ نەتەوەی کوردستان لەگەڵ
ڕیفراندۆم وەک پڕۆسیسێک بۆ گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی ناکرێت تێکەڵ بکرێن.
یەکەمیان مافێکی ڕەوای نەتەوەی کوردستانە کە ئازادانە و
سەربەخۆییانە و بێڕێگریی لەلایەن هیچ کەس و لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەنجام بدرێت
بۆ دەستنیشانکردن و مانەوەی باشووری کوردستان بەداگیرکراویی یان بە گەیشتن بە سەروەریی
و سەربەخۆیی خۆی.
ئەوەی دژایەتی ئەو مافە بکات بەگشتی دەرئەنجامی داگیرکردنی
عەقڵە کە ئاکامێکی ڕاستەوخۆیی ١٠٠ داگیرکارییە، کورد لە باشوور سەد ساڵە پەروەردە
دەکرێت کە نەتەوەکەی و خاکەکەی بەشێکن لە عێراق (ئەمە بۆ هەر سێ بەشەکەی دیکەی
کوردستانیش هەر ڕاستە)؛ سەد ساڵە بێجگە لە کارتی نیشتیمانی عێراقی، پاسپۆرتی عێراقی،
ناسنامەی عێراقی، هیچ ناسنامەیەکی دیکەی یاسایی پێ ڕەوا نەبینراوە. سەد ساڵە، تیپە
نیشتیمانییەکانی هەر لە تۆپی پێ بگرە تا دەگاتە غارغارێن هەر وەک تیپی نیشتیمانیی
عێراقی پێی ناسێنراوە و پێی ڕەوا بینراوە؛ سەد ساڵە بە هێزی ڕەق و نەرم ناسنامەی عێراقی
بەسەردا سەپێنراوە، هەر کەس و لایەنێک ئەو سەپاندنە زۆرەملێییەی ڕەت کردبێتەوە، جینۆساید
کراوە، ڕاگوێزراوە، تەعریبکراوە، زیندانی کراوە، لە سێدارە دراوە؛ سەد ساڵە سەربەخۆییخوازیی
لێ کراوە بە جودایخوازیی و تێکدەر و تیرۆریزم؛ سەد ساڵە لە مەکتەب لە میدیا جورعەکانی
عێراقچێتی دەرخوارد دەدرێ؛ سەد ساڵە پێی دەڵێن داوای سەربەخۆیی و ئازادی و سەروەریی
بکەیت دەتخنکێنین، دەتبەزێنین، لە نان و ئاو و مووچە و بودجە مەحرومت دەکەین؛ سەد
ساڵە نە ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ئەندامە لە هیچ فیدراسیۆنێک، نە ئەندامە
لە لیژنەی ئۆلۆمپی، هەر دەبێ شانازی و سەرکەوتووەکانی ئینسانی کورد بەناوی ئەوانی
دیکە بناسرێتەوە؛ سەد ساڵە کورد مێژووی خۆی ناخوێنێ، کولتووری دەدزرێ، زمانی قەدەغە
دەکرێت؛ سەد ساڵە ترسنۆک و بێئرادە و بێمتمانە دەکرێت؛ سەد ساڵە کورد دەکرێت بە گەمژە،
بە نەزان، بە دواکەوتوو، بە ناشارستانی، بە میوانێکی ئێسکقورس؛ هتد.
ڕیفراندۆم وەک پڕۆسەیەک کە بارزانی و پارتی دەستپێشخەریان
کرد و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی باشوور و حیزب و لایەنەکانی، ئەوانەی لەگەڵ شێوازی
بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و ئامادەکارییەکانیش نەبوون دەنگیان بە بەڵی دا بۆ سەربەخۆیی
کوردستان. پڕۆسەکە و ئامادەکارییەکان کەموکوڕی زۆر بوو لە هەموویان گرنگتر ئەم سێ
هۆکارە بوون:
یەکەم، دوای تێپەڕبوونی قەیرانەکە ئەنجامدرا، واتە کاتەکەی
گونجاو نەبوو. من سەدان جار گوتوومە دەوڵەتەکان لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبن، وەک
شەڕی ٣٠ ساڵەی پێش ڕێککەوتنی وێستفالیا؛ وەک جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان؛ وەک داڕمانای
یەکێتیی سۆڤیەت و یۆگۆسلاڤیا (زۆربەی وڵاتانی دنیا لەم چەند قەیرانە و چەند قەیرانێکی
دیکە لەدایکبوون). لە پەیوەند بە کوردستانـیشەوە، وەک قەیرانی هەڵوەشانەوەی سوپا
و دەزگا ئەمنییەکان و دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣، وەک هاتن و سەرهەڵدانی داعش و داتەپینی
دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠١٤دا. ڕێفراندۆم دەبوو لەدوای داڕمانی سوپای عێراق و
لاوازبوونی دەوڵەتی عێراقی تا ئەوپەڕی، ئەنجام درابا. بەڵام نائامادەیی دەسەڵاتدارانی
باشوور، ئەو کات ئەمەیان نەکرد، لەو ماوەی دوای ئەویش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هیچ ئامادەکارییەک
بۆ یەکڕیزیی نیشتیمانیی و وەگەڕخستنی خەڵک نەکرا.
دووەم، گەورەترین هەڵەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەخاوەندارنەکردنی
خەڵکی کوردستان بوو. ڕیفراندۆم هەر لە سەرەتاوە دیاربوو کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی نەتەوەی
کوردستان نییە بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی پێگەی پارتی و کاک مەسعود بارزانی بوو. لەو پڕۆسەیەش
پارتی و بارزانی کران بە خاوەنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم. ئەگەر خەڵکی کوردستان بەخاوەن
بکرایە، ئەوە نەک هەر ئامادەیی بەرگرییکردنی لە کوردستان دەبوو، بەڵکوو لە تواناشی
دەبوو. تۆ ناتوانی خۆت بە خاوەنی پرسێک بکەیت و چاوەڕوانی ئەوەت هەبێت کەسانی دیکە
بەرگریی لەو پڕۆسە و پرسە بۆ تۆ بکەن. لە دواڕۆژیش، هەر هەوڵێکی دیکە بدرێت، دەبێت
سەرەتا خەڵکی کوردستان بە خاوەنی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بکرێت.
سێیەم، سەرکردایەتی کوردستان لە باشوور نەیتوانی، لە ڕاستیدا
هەوڵی جددیش نەدرا، بۆ زەمانەتکردنی پشتیوانێکی نێودەوڵەتیی کاریگەر و کارا. ئەم
فاکتەر هیچ ڕوون کردنەوەی ناوێ چونکە هەموو کەسێک دەزانێت کە توانا ناوخۆییەکانی چەند
لەسەر و ئامادە بن، بەڵام بەبێ پشتیوانی دەرەکی، سەربەخۆیی کوردستان نە ئەوکات، نە
ئەمڕۆ، نە سبەی، دابین ناکرێت. سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک
دەیان جار ئامادەن سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام یەکێکمان نەدێت کە خۆنەویستانە
بەردەوام لە دەرگای وڵاتان بدات. لە ڕاستیدا دەبوو بۆ ئەم پرسە لیژنەیەک لە ئاستی
پێنج کەسە بێڕکابەر و باڵادەستەکە پێکهاتبا و بەردەوام لە هەوڵ و تەقلا بووان، ئەوکات
و ئێستاش.
بۆیە، کوردستانیان لە یادی ڕیفراندۆمدا گرنگە دوو شت بکەن،
یەکەم، کەموکوڕییەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم نەبێتە مایەی دەستبەرداربوون لە مافێکی ڕەوا
کە سەد ساڵە بە زۆر و زۆرداری لێی مەحروم کراوە. دووەم، وانە لە هەڵەکان وەرگرن و
بەردەوام لە ئامادەسازی و نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی بکەن لە هەر دەرفەت و قەیرانێک
کە دێتە پێش بەختی خۆیان دووبارە و سەدبارە تاقی بکەنەوە، بەڵام وەک گوتم نەک بە
دووبارە کردنەوەی هەڵەکان بەڵکوو بە دەرس وەرگرتن لێیان.
