تونێلەکانی هەسەدە لە سوریا.. سیستمێکی ستراتیژی بەرگری ژێرزەمینیی

ڕاپۆرت

24/09/2025‌ 851 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
ئەم نوسینە شیکاری بۆ تۆڕی ئەو تونێلە ژێرزەمینییە بەرفراوانانە دەکات کە سەرەتا لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دروستکراو و دواتر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پەرەی پێدرا. ئەم تۆڕى تونێلانە شارە گەورەکانی ڕۆژئاوا لە ژێر زەوییەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، جووڵەی هێز و سەرکردە و پێداویستییەکان ئاسان دەکات و پارێزگاری لە هەڕەشە دەرەکییەکان دەکات. ئەم نوسینە تیشک دەخاتە سەر قەبارە و ئاڵۆزی ئەم ژێرخانە شاراوەیە و ڕۆڵی لە دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدا.
سەرچاوە و گەشەسەندن
دروستکردنی تونێلەکان لە دەوروبەری ساڵی 2014 دەستیپێکرد، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وەک هێزی سەرەکی بەرپرس بوون لەو کارە. دوابەدوای پێکهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پڕۆسەى دروستکردنى تونێلەکان خێراتر بوو. ئامانجی سەرەکی لەم کارە ، دروستکردنی ژێرخانێکی بەرگری یەکگرتوو بوو کە شارە کوردییەکان لە ژێر زەوییەوە بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئامرازێکی پارێزراوی پەیوەندی و جوڵە بە دوور لە هەڕەشە دەرەکییەکان دابین بکات.
فاکتەرێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی دارایی ئەم پڕۆژە گەورەیە، داهاتی کێڵگە نەوتی و گازییەکان بوو، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2018 وە. بەپێی زانیارییەکان لە هەندێک شوێندا قوڵایی تونێلەکان دەگات 100 مەتر. دروست کردنى تونێلەکان زیاتر لە 4 ملیار دۆلارى تێچووە. 
درێژبوونەوەی جوگرافی تونێلەکان:
میحوەری یەکەم: بە درێژایی سنووری تورکیا بەرەو باکوور درێژ دەبێتەوە.
میحوەری دووەم: بە درێژایی سنووری عێراق بەرەو ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە.
میحوەری سێیەم: بە درێژایی هێڵەکانی پێشەوە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا درێژ دەبێتەوە لە نزیک ڕووباری فورات.
یەکێک لە ئاڵۆزترین بەشەکان دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە و شارە گەورەکانی وەک قامیشلۆ و عامودە و دەرباسیە و شاری ڕمێلانی دەوڵەمەند بە نەوت بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم تونێلانە لەڕووى لۆجستییەوە گرنگە، بەو پێیەى پەیوەندی و کۆنترۆڵی بەردەوامى ناوچە ستراتیژییەکان دابین دەکات.
بەشێکی تری گرنگی تونێلەکان لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکەوە تا باکووری حەلەب درێژ دەبێتەوە، پاشان هاوتەریب لەگەڵ ڕووباری فورات بەرەو ناوەڕاستى دێرەزۆر دەڕوات. ئەم تونێلانە یەکەم هێڵی بەرگری بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد پێکدەهێنێت. هەروەها دەوترێت تۆڕەکە لە حەسەکە و ڕەققەوە تا دێرەزۆر درێژ دەبێتەوە و سیستەمێکی بەرگری و لۆجستیکی بەیەکەوە بەستراو دروست دەکات.
بە پێی زانیارییەکان سپۆتنیک، هێزە کوردییەکان تونێلێکیان لە شەنگالەوە لە پارێزگای موسڵى عێراق هەڵکەندووە بە ئاڕاستەى پارێزگای حەسەکە، دەوترێت درێژی ئەم تونێلە کیلۆمەترێکە و بۆ گواستنەوەی چەک و پێداویستی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سوریا بەکاردێت.
تایبەتمەندی و ئەرکەکان
تونێلەکان تەنها ڕێڕەوی سادە نین، بەڵکو بەشێوەیەک دیزاین کراون کە هەروەک شارێکی ژێرزەمینى بن، تۆکمەن و بەرگەی هێرشەکان دەگرن و ئەوەندە گەورەن کە ئۆتۆمبێل و ئامێرە قورسەکان پیایدا تێپەڕن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرەی پایتەخت، زێکی ئەکتورک وتەبێژی وەزارەتى بەرگرى تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە 8 کانونى یەکەمى 2025 ، نزیکەی 121 کیلۆمەتر تونێلیان لە باکوری سوریا لە نزیک سنووری تورکیا تێکداوە کە  نزیکەی ٦٦ کیلۆمەتر تونێل لە ناوچەی تەل ڕیفعەت و ٥٥ کیلۆمەتر لە ناوچەی منبج بووە، هەروەها ناوبراو ڕایانگەیاند کە بەشێک لەو تونێلانەی لە ناوچەکانی تەل ڕیفعەت و منبج دۆزراونەتەوە قووڵیان ١٣ مەتر و بەرزی ٣ مەتر و پانییان ٢.٥ مەتر بووە. هەروەها لە هەر ١٠ مەترێک شوێنى هەواگۆڕکێ و پشوودانی تێدابووە. پێکهاتەی ناوەوەی تونێلەکان  ژووری پشوودان و کۆبوونەوە، کۆگاى گەورەی چەک و پێداویستی، و سیستمی هەواگۆڕکێى تێدابووە.
تونێلەکان چەندین دەرچەی دەرچوونیان هەیە، ئەمەش وایکردووە بەئامانجگرتنى بۆ نەیاران قورس بێت. دەستڕاگەیشتنیش بە نەخشەى تونێلەکان تەنها بۆ ژمارەیەکی کەم لە ئەفسەر و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی هەسەدە بەردەستە تا نهێنى ڕێڕەو و دەرچەکانى تۆڕى تونێلەکان بە نهێنی بمێنێتەوە.
دەرەنجام
تۆڕی تونێلەکان لە سوریا نوێنەرایەتی پرۆژەیەکی ستراتیژیی بەرفراوان دەکات. ئەم تۆڕە بەڵگەیە لەسەر داهێنەریی و دووربینی ستراتیژیی هێزە کوردییەکان، کە ڕێگەیان پێدەدات بەرگری لە خاکەکەیان بکەن و هێڵەکانی دابینکردنی لۆجستیکی بپارێزن و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزن. لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لەگەڵ حکومەتی سوریا، تۆڕی تونێلەکان وەک سەرمایەیەکی گرنگە بۆ هێزە کوردییەکان، کە سوودێکی بەرچاوی سەربازی و ئەمنی هەیە