شارپرێس:
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بەهێزەكانی حکومەتی کاتی سوریا خاڵێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە ناوچەی دێر حافر کردە ئامانج، لەبەرامبەردا هەسەدە بەتوندی وەڵامیداوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاوکردەوە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بەچەکدارانی حکومەتی کاتی لە سوریا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند خاڵێکی سەربازی لە ناوچەی دێر حافر کردە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامیان داوەتەوەو سەرچاوەی هێرشەكەیان بە ئامانج گرتوە بەهێرشێكی ورد. کە بوە هۆی زیانی یەکلاکەرەوە و ناچارکردنی هێرشبەران بە پاشەکشێ".
هەسەدە جەختی لە "ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێک" کردەوە و دەڵێن، "وەڵاممان هەمیشە یەکلاکەرەوە دەبێت دژی هەر کەسێک کە هەوڵی هێرشکردنە سەر پێگە و شەڕڤانانمان بدات".
بەگوێرەی زانیارییەكانیش، هێرشەکان تۆپبارانی ڕاستەوخۆی خانوی مەدەنییەکان کراوە، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا حەوت هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و چواری دیکەش برینداربون.