شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی، گەشتێكى خوێناوی ئاشکراکردوە کە لەچوارچێوەی "کاتبەسەربردن"دا ئەنجامدەدرێت، بەوەی ناسراوە بە"گەشتیاریی جەنگ"، تێیدا گەشتیارە بیانییەکان سەردانی ناوچەکانی ململانێ دەکەن، لەوانەش عێراقو لەبەرامبەر پارەدا دەرفەتی "تەقەکردنو کوشتنی خەڵک"یان پێدەدرێت، وەک ڕەگەزێکی کاتبەسەربردن.
داواکاری گشتیی ئیتاڵیا لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەدا دەکات کە گوایە ئەوروپییە چەکدارەکان زیاتر لە 80 هەزار پاوەندی ئیستەرلینییان خەرجکردوە بۆ ئەوەی لەشارە گەمارۆدراوەکاندا بەمەبەستی "چێژوەرگرتن" تەقە لەخەڵک بکەن.
لەمبارەیەوە، "گەشتیارێکی جەنگ" بەناوی ئەندرو دروی کە گەشتی بۆ هەندێک لەمەترسیدارترین شوێنەکانی سەر زەوی کردوە، بانگەشەی ئەوەدەکات، بازرگانیی بەناو گەشتیاریی نیشانەشکێنی، جۆرێکە لەپڕۆژەی جیهانی.
دروی دەڵێت، "لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا لەکاتی گەڕانیدا بەچەند وڵاتێکی پڕ ململانێ، دەرفەتی ئەوەی پێشکەشکراوە تەقە لەهاوڵاتیانی بێتاوان بکات".
ئەندرو دروی ڕونیکردوهتەوە، هەرچەندە ئەو ئەو پێشنیازەی ڕەتکردوهتەوە، بەڵام جەختیشدهكاتهوه، "کەسانی دیکە ئەوەندە دودڵ نەبون، خەڵک بەردەوام ئەمە دەکەن".
وتویهتى، "پشوم لەچەندین ناوچەی جەنگیدا بەسەربردوە، وەک سۆماڵو ئەفغانستانو چیچان."
ئەو گەشتیارە باسى لهوهشكردوه، لەکاتی سەردانیکردنی هێڵی پێشەوەی کەرکوک لەعێراق لەکاتی شەڕ دژی داعش، بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی بچێتە گەشتیاریی نیشانەشکێنیی، کە تێیدا دەرفەتی تەقەکردنی پێدراوە بەقەناس، بەڵام وتویەتی:"نەمتوانی هیچ مرۆڤێکی تر، تەنانەت ئاژەڵێکیش بکوژم، بەڵام خەڵک بەردەوام ئەمە دەکەن."
دروی بەردەوامبوەو ئاماژهى بهوهداوه، "خەڵک هەبون کە گەشتیان بۆ عێراق دەکردو پەیوەندییان بەپێشمەرگەوە دەکرد بۆ شەڕکردن دژی داعش یان تەقەکردن لەکەسانی دیکە، ئەوان سەرباز نەبون، بەڵکو لەگەشتێکی گەشتیاریدا بون لەهێڵەکانی پێشەوە لەکاتی شەڕی عێراقدا."
لەکاتی ئیدانەکردنی ئەو بازرگانییە گەشتیارییەی نیشانەشکێنیدا، دروی دەڵێت، "ئەوە گەشتیاریی تاریک نییە، بەڵکو تاوانی کوشتنە."
دروی ئاشکرایکردوە، لەعێراق لەلایەن کەسانێکەوە کە پێیوابوو "ئەفسەری هەواڵگریی"ن هەوڵی کوشتنی دراوە لەکاتی گەڕانیدا بەوڵاتەکەدا لەگەڵ ئامۆزاکەی، کە پێیانڕاگەیاندوە "نرخێک لەسەر کوشتنی دانراوە".
ئهوهشى ڕونکردوهتەوە، چەندجارێک تەقەی لێکراوە لەکاتی وێنەگرتن لەشاری کەرکوک، چهندجارێكیش توشى كێشه بوه كه ههوڵیداوه بچێته چیچان.
