ئەنجامی سەرژمێرییەكە مەترسییەك لەسەر كەرتێكی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی داتاكانی سەرژمێری گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان كەئەمڕۆ بەفەرمی بڵاوكرایەوە، دەركەوت لە%85 دانیشتوانى هەرێمی كوردستان شارنشینن، ئەوەش بەمەترسی بۆ سەر كەمبونەوەی دانیشتوانی گوندەكان و كەرتی كشتوكاڵ هەژمار دەكرێت.


بەپێی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە 6,519,129 کەس کە 3,284,668 کەس واتە بەرێژەی 50.39٪ لەڕەگەزی نێرن و 3,234,461 کەس واتە 49.61% لەڕەگەزی مێن.
 
هەولێر زۆرترین دانیشتوی هەیە کە 2,517,534 کەسە، کە دەکاتە 38.62٪ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، دانیشتوانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 2,401,724 کەسە، کە دەکاتە 36.84٪ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
 
پارێزگای دهۆک ژمارەی دانیشتوانەکەی 1,599,871 کەسە، واتە 24.54٪ی کۆی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
 
هەر بەگوێرەی داتاكان، لە 85٪ی تێکڕای دانیشتوانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لەشارەکان دەژین، تەنها 15٪یان لەگوندەکان دەژین.
 
بەگشتی 5,513,276 کەس لەشارەکانی هەرێمی کوردستان و  1,005,853 کەسیش لەگوندەکان دەژین.
 
لەپارێزگای دهۆک 1,273,546 کەس واتە 80٪ی دانیشتوانەکەی لەشارەکان دەژین، 326,325 کەسیش، واتە 20٪ی دانیشتووانەکەی لەگوندەکان دەژین.
 
لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 2,137,095 کەس واتە 89٪ی دانیشتوان لە شارەکان دەژین، 264,629 کەسیش واتە، 11٪ی دانیشتوان لەگوندەکانی هەردوو پارێزگاکە دەژین.
 
لەپارێزگای هەولێر 2,102,635 کەس واتە 84٪ی دانیشتوانەکەی لەشارەکاندا دەژین، 414,899 کەس واتە 16٪ی دانیشتوانەکەی لەگوندەکان دەژین.