شارپرێس:
دوای
دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس کاروان کەلاری لەلایەن پۆلیسی کەلارەوە، دەستەی سەربەخۆی
مافی مرۆڤ دەڵێت، پێویستە لایەنە ئەمنییەکانی گەرمیان هەرچی زوە هۆکاری
دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنوسە ڕون بکەنەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا
ئاماژەی بەوەکرد،" دوای
ئەوەی هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت کە کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنوس لەلایەن هێزێکی
ئەمنییەوە لەگەرمیان دەستگیرکرا، بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەی نوسینگەی گەرمیانی مافی
مرۆڤەوە بەدواداچونمان کرد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە سنورەکە
".
دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشیخستەڕوو،" تاوەکوو ئێستا لەسەر هۆکاری
دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسەکە بەفەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە، بۆیە پێویستە هەر چی زوە
لایەنە ئەمنییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هۆکاری دەستگیرکردنی کاروان کەلاری
بە کەسوکاری و ڕای گشتی بڵێن ".
باسی لەوەشکرد،" لە
نزیکەوە لە بەدواداچون و سۆراخکردنی کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنوس بەردەوام دەبێت
".