ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەنزیک ئاسمانی ئێران چییان کرد؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە هەواڵگرییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەجۆرەکانى F-35 و F-15 لەبنکەکانیان لەئیسرائیل هەڵفڕین و چونە سنورى ئاسمانی عێراقەوە و مانۆڕیان لەنزیک سنورەکانی ئێران ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی بچنە ناو ئاسمانى ئێرانەوە، پاشان گەڕانەونەتەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاشکراکراون، هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکە ئیسرائیلییەکە لەسنورەکە، لە هەمان کاتدا دوو فڕۆکەی تانکەری هێزی ئاسمانی ئەمریکا KC-135 لە نزیک سنوری ئێران و عێراق بونیان هەبوە، کە لەبنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی قەتەرەوە هەڵفڕیون.

شرۆڤەکارانی سەربازی ئەم گەشتانە بە ئەگەری پشتیوانی لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە لێکدەدەنەوە.

مانۆڕ و نمایشکردنی هێزی ئاسمانی لە کاتێکدایە کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە و هەندێک لە چاودێران ئەمە وەک بەشێک لە ستراتیژی فشاری سەربازی بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لەسەر مێزی دانوستان دەبینن.

سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوەکردوە، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەکۆشکی سپی و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە قەتەر هەبوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکە دەخاتە چوارچێوەی پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی بەرامبەر بە بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوکات، ئەم ڕوداوە وەک پەیامێکی سەربازی و بەرپەرچدانەوە بۆ ئێران لێکدەدرێتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئامادەیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکانی ناوچەکە و جەختکردنەوە لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لەسەر ئاستی ستراتیژی.