یەکێتی هەڕەشەی بەشدارینەکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم دەکات

کوردستان

25 خولەک پێش ئێستا‌ 943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات.


قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە هاوکات، جێگری سەرۆک وەزیرانیشە، لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبوەوە ئاماژەی بەوەدا،" حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە پێک بهێنرێت و یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات ".

ئەوەشیخستەڕوو، ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتوی عێراق و هەرێمە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابوریی عێراق و کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وتیشی،" حکومەتی داهاتوی عێراق دەبێت گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشنکردنی ئابوری بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچەکانی عێراق ".