باجی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لابرا.. نرخەكان دادەبەزن

عیراق

20/05/2026‌ 252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هەڵوەشاندەوە کە كەلە%20 باجی خستبوەسەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، بەوەش چاوەڕێدەكرێت نرخەكان بگەڕێتە دۆخی پێشتر.


دادوەر ئەیاد موحسین زەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی تایبەت بەپێداچونەوەی تانەکانی سەر بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندی ئاشكرایكرد، ئەو بڕە پارەیەی بەرێژەی 20% خرابوە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان کە لەرێگەیەوە باڵانسی مۆبایل پڕدەکەنەوە، لەڕاستیدا باجی فرۆشتنە نەک کرێی خزمەتگوزاريی.

ئەو دادوەرە جەختیشیکردەوە، سەپاندنی هەر باج و ڕسومەتێک بەگوێرەی ماددەی (28/یەکەم) لەدەستوری عێراق، تەنیا لەدەسەڵاتی تایبەتی دەسەڵاتی یاسادانانە واتە پەرلەمان، ناتوانرێت هیچ باجێک بسەپێنرێت مەگەر بەیاسا نەبێت.

دادوەر ئەیاد موحسین ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەبڕیارەکەیدا پشتی بەرێنماییەکی ئەنجومەنی وەزیران بەستوە کە لەماوەی حکومەتی پێشودا دەرچوە، وتیشی، "حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە بارگرانی دارایی نوێ بخەنە سەر شانی هاووڵاتیان."

له‌کۆتاییدا دادگا ڕایگەیاند، تانەلێدەر  هیچ بنەمایەکی یاسایی دروستی نەبووە، بۆیە بڕیاردرا بەهەڵوەشاندنەوەی و نەهێشتنی بەهای یاسایی. ئەم بڕیارە بەشێوەی کۆتایی و بەکۆدەنگی دەنگی لەسەر دراوە، ئەمەش پاڵپشت بە أحکامەکانی بەشی (6/ 8) لە فەرمانی ژمارە (65)ی ساڵی 2004.

جەختی لەوە کردەوە کە "بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاند بنەمای یاسایی دروستی نەبوو، بۆیە بە گوێرەی بڕگەی (6/8) لە فەرمانی (65)ی ساڵی 2004، بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە.

لە 16ـی کانونی یەکەمی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، بڕیاریدا بەسەپاندنەوەی باج و کرێی خزمەتگوزاری بەرێژەی 20% لەسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان، بەمەش نرخی كارتی موبایل و ئینتەرنێت گران بوو.