شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە دەنگدانەوەی زۆری
لەناوەندە سیاسییو ئەمنییەکانی عێراقدا دروستکردوە، میدیا ناوخۆییەکان هەواڵی ڕادەستکردنی
کۆمەڵێک چەکی پێشکەوتویان لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە بۆ حکومەتی ناوەندی بڵاوکردەوە،
ئەم پێشهاتە وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی لەهاوکێشە ئەمنییەکانو هەوڵدان بۆ
سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا سەیر دەکرێت.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی ئاشكراكراون، پرۆسەی
ڕادەستکردنەکە تەنها چەکی سوک نەبوە، بەڵکو 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و چەندین
موشەکی جۆراوجۆری گرتوەتەوە.
لهو زانیاریانهى باسكراون، ئهو موشەکانە
توانای بڕینی مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتریان هەبوه، ئەمەش دەریدەخات کە گروپەکە
خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی سەربازیی مەترسیداربون لەدەرەوەی چوارچێوەی دەزگا فەرمییەکان.
ئەوەی ئەم ڕوداوەی زیاتر گەورەکردوە، ئامادەبونی
نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوە لەبەغدا لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەکەدا، چاودێرانیش
پێیانوایە ئامادەبونی لایەنی ئەمریکی وەک چاودێر، نیشانەی جۆرێک لەڕێککەوتنی سیاسیی
یان متمانەسازییە لەنێوان حکومەتی عێراقو هێزە نێودەوڵەتییەکانو گروپە چەکدارەکاندا.
بهگوێرهى ئەو هەواڵانەی کە لەمیدیاكانى وەک
(العربی الجدیدو الأحداث العراقیه) بڵاوکراونەتەوە، تائێستا ناوی گروپەکە بەفەرمی
ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییە باڵاکان چەند زانیارییەکیان دركاندوە دەربارەی
ناسنامەی گروپەکەو باس لەوەدەکرێت، گروپەکە یەکێکە لەوانهى خاوەنی باڵێکی سیاسییو
کوتلەیەکی پەرلەمانییە لەناو حکومەتی عێراقدا.
ئەو گروپانەی گومانیان لێدەکرێت لەناو هەواڵەکاندا
ئاماژە بەگروپەکانی وەک (عهسائیبى ئههل حهق، سهرایا سهلامو كهتائیبى ئیمام
عهلى) دەکرێت کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو، ئامادەن چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن یان
پەیوەندییە سەربازییەکانیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکە ناوی ئەو گروپە
دیاریکراوەی ئاشکرانەکردوە کە ئەو 20 درۆنو موشهكانهى ڕادەستکردوە، بهڵام جهختیكردوهتهوه،
پرۆسەکە لەشوێنێکی دەرەوەی شارى بەغدا بهڕێوهچوه.
