چەکی گروپە چەکدارەکان دەبرێتە ناوخاکی ئێران؟ وردەکاریی پێشنیازەكانى قالیباف بۆ زه‌یدیى

عیراق

58 خولەک پێش ئێستا‌ 3350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنێوان پیاهەڵدان بەهێزی بەرگریی‌و هەوڵدان بۆ دەربازکردنی گروپە چەکدارەکان لەفشارەکانی واشنتۆن، تاران بەپێشنیازێکی نوێوە هاتوەتە بەغدا؛ شاردنەوەی چەکە قورسەکان یان گواستنەوەیان بۆ ناو خاکی ئێران، وەک ستراتیژێک بۆ ڕێگریی لەپێکدادان لەگەڵ دەوڵەت پێش وادەی 30ی ئەیلول، قالیباف جگه‌ له‌و دوو پێشنیازه‌، داواكارییه‌كى دیكه‌شى ئاراسته‌ى زه‌یدیى كردوه‌، به‌ڵام به‌توندى ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌.


دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێران به‌فڕۆكه‌یه‌كى تایبه‌تى وڵاته‌كه‌ى گه‌یشته‌ به‌غداو سەردانەکەشی بەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم (مۆنۆمێنتی قاسم سولەیمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس) لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستپێکرد، کە شوێنی كوژرانیان بوو، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌تیان وتوه‌، "سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لەبەغدا تاووتوێی سێ پێشنیازی کردوە بۆ دورکەوتنەوە لەڕوبەڕوبونەوە لەنێوان حکومەت‌و گروپە چەکدارەکاندا، کە لەسەروی هەمویانەوە شاردنەوەی چەکە قورسەکانە".

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌زارى سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆیه‌وه‌ نوسیویه‌تى، "قالیباف دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی‌و سیاسیی لەبەغدا کۆبوەوە، تاووتوێی ئەگەری گواستنەوەی بەشێکی زۆری ئەو چەکانە بۆ ناوخاکی ئێران بەشێوەیەکی کاتییكراون تائەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بەداهاتوی چەکەکان".

سەردانەکەی قالیباف لەناو کەشێکی ئاڵۆزی نێوان گروپەکان‌و حکومەتدا ئه‌نجامدراوه‌ کە دوای دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری بزوتنەوەی نوجەبای لایەنگری ئێران‌و پاشان ئازادکردنی هات.

لەبەرامبەردا، سەرچاوە حکومییەکان وتویانه‌، "عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا تا 30ی ئەیلولی داهاتوو، هاوکات لەگەڵ تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا به‌گوێره‌ى ئەو خشتەیەی ڕێککەوتنی لەسەرکراوە".

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هەڵوێستەکەی زەیدیی دوای گەڕانەوەی لەواشنتۆن‌و لەکاتی کۆبونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی دەسەڵاتداردا جێگیرتربوە، لەناو پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەریی‌و حکومەت بۆ پلانی سنوردارکردنی چەک.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، ئێران وتویه‌تى، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عێراق ڕازینابێت چه‌كه‌كان لاى ئێمه‌ بێت، داواده‌كه‌ین حكومه‌تى عێراق چەكەكان هەڵبگرێت‌و هیچ نمایش‌و بەكارهێنانی بۆ نەكرێ، بەڵام ڕاده‌ستى حكومەتی عێراق نەكرێ، به‌ڵكو له‌شوێنێكى گروپه‌كان خۆیان هه‌ڵبگیرێن، یان ⁠وادەی ڕادەستكردنی چەك درێژبكرێتەوە تا شه‌ش مانگی دیكه‌، تاكو ئێمه‌و ئەمریكا دەگەینە ئه‌نجامێك بۆ ڕێككەوتن".

سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه‌، زه‌یدیى سوربونى خۆى له‌سه‌ر واده‌ى 30ى مانگى داهاتوو ڕاگه‌یاندوه‌و وتویه‌تى، "هیچ واده‌یه‌ك درێژناكرێته‌وه‌و بڕیارێكه‌و لێى په‌شیمان نابینه‌وه‌".