شارپرێس:
داتاکانی هەواڵگریی گواستنەوەی دەریاییو وێنەی
مانگە دەستکردەکان، زانیاریى لەسەر پڕۆسەیەکی نهێنیی نوێ ئاشكرادهكهن کە تێیدا کۆماری
ئیسلامیی ئێران، سەرهڕای گەمارۆ دەریاییە توندەکەی هێزەکانی سێنتکۆمی ئەمریکا، سەرکەوتووبوە
لەهەناردەکردنی بڕێکی زۆر لەگازی شلو سوتەمەنیی فڕۆکە بۆ وڵاتانی میانمارو چین،
پسپۆڕانی ئاسایشی دەریاییش ئاشکرایدەکەن، تاران لەکەناراوەکانی عومان لەڕێگەی
گواستنەوەی کتوپڕی بار لەکەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیكه چاوی چاودێریی واشنتۆنی چەواشەکردوە.
چوار پسپۆڕی ئاسایشی دەریایی کە چاودێریی جوڵەی
نەوت لەناوچەی کەنداودا دەکەن، بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایانکردوە، تاران لەهەفتەکانی
ڕابردودا ئەم بارە نەوتییانەی لەڕێگەی گواستنەوەی کتوپڕی کاڵاکان لەکەشتییەکەوە بۆ
کەشتییەکی دیكه شاردوەتەوە کە لەلایەن لایەنە بەرهەمهێنەرەکانی دیكهى کەنداوەوە
لەکەناراوەکانی سوڵتانیەتی عومان جێبەجێکراون.
سهرچاوهكان باسیان لهوهكردوه، ئەمە یەکەمجارە
کە پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەمجۆرە سوتەمەنییانەی ئێرانو میکانیزمی شاردنەوەیان بۆ ڕای
گشتیی ئاشكرادەکرێت، وتوشیانه، "ئەم بڕە گازو سوتەمەنییە تەنها بەشێکی زۆر
بچوکی هەناردەی پێشوی وزەی ئێران پێکدەهێنێت، بەڵام بەڵگەیەکی دەگمەنە لەسەر سەرکەوتنی
گەیشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی تاران لەناوجەرگەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بوەتە هۆی
ڕاگرتنی تەواوەتیی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە".
شیکارییەکانی ڕێکخراوی (یەکگرتوو دژ بەئێرانی ئەتۆمی
ـ UANI) کە گروپێکی فشاری ئەمریکییەو
لەڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی کەشتییە نەوتییەکانی ئێران دەکات
ئاشكرایكردوه، لانیکەم هەشت کەشتیی گازی ئێران لەناوەڕاستی مانگى تەمموزەوە لەگەروی
عومان چونەتە دەرەوە، هاوکات شیکارییەکانی گروپی (سین ماکس ـSynMax)
بۆ هەواڵگریی دەریایی ئاشکرایکردوە، کەشتییەکی دیكهى هەڵگری سوتەمەنیی فڕۆکەی ئێرانی
لەمانگی ئەیلولدا گەیشتوەتە وڵاتی میانمار، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا لە2023وه
بەهۆی بۆردومانکردنی مەدەنییەکان لەلایەن سوپای میانمارەوە، کەرتی سوتەمەنیی فڕۆکەی
ئەو وڵاتەی خستوەتە لیستی سزاکانەوە.
شیکارییەکانی ڕۆیتەرز بۆ لیستی سزاکانی وەزارەتی
گەنجینەی ئەمریکا پیشانیدەدەن، شەش کەشتی لەو هەشت کەشتییە گازییە هاوشان لەگەڵ کەشتییەکەی
میانمار، پێشتریش لەلیستی ڕەشی سزاکانی ئەمریکادا بون، جێمیما شێڵی گەورە توێژەری ڕێکخراوی
(UANI) ڕایگەیاندوه، هێزەکانی
ئەمریکا ڕێڕەوی زۆربەی هەرە زۆری کەشتییە ئێرانییەکانیان گۆڕیوەو تەنها ژمارەیەکی
کەم نەیارێتیی گەمارۆکەیان کردوە.
شێڵی ئاماژەی بەوەشداوه، هەندێک لەکەشتییەکان
لەنزیک شارەکانی (شناسو سحاری) عومانی، باری خۆیان گواستوەتەوەو کۆی گشتیی بارە
گازییەکە بە401 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت کە زۆربەیان بەرەو ناوچە دەریاییەکانی ڕۆژهەڵاتی
مالیزیا ڕۆیشتون تا لەوێوە ڕەوانەی چین بکرێن.
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتكۆم
ـ CENTCOM) ڕایگەیاندوە، گەمارۆ دەریاییەکەیان
بۆسەر سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران کە یەکەمجار لە 13ی نیساندا جێبەجێکرا، تەواو
توندو تۆکمەیە، ئەم گەمارۆیە لەمانگی حوزەیراندا پاش گەیشتنی ئەمریکاو ئێران بەڕەشنوسی
لێکتێگەیشتنێک بۆ ماوەیەکی کاتیی لابرابوو، بەڵام ڕێک لە 14ی تەمموزداو پاش داڕمانی
ئەو ڕێککەوتنە، هێزەکانی ئەمریکا سەرلەنوێ گەمارۆکەیان لەگەروی عومانو ناوچە سنورییەکانی
نێوان ئێرانو پاکستان بەتوندی جێبەجێکردوەتەوە.
