شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵا لەبزوتنەوەی حەماس ئاشکرایکردوه، عەلی عامودی کە بەکردەوە بەڕێوەبردنی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکە لەکەرتی غەززە لەئەستۆ دەگرێتو وەک یەکێک لەدیارترین جێگرەوەکانی یەحیا سینوار تەماشا دەکرێت، لەهەوڵێکی تیرۆرکردنی ئیسرائیلدا پێش نزیکەی دوو هەفتە برینداربوە، ئەمەش وەک یەکەم دانپێدانانی فەرمی دادەنرێت بەبونی ناوبراو لەناو ئەو شوقەیەی کە کراوەتە ئامانج.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەی شهرقولئهوسهوت، بەرپرسێك کە نەیویستوە ناوی ئاشكرابکرێت ڕایگەیاندوە، عامودی لەئەنجامی ئەو بۆردومانەی کە لە3ى تشرینی یەکەمدا شوقەیەکی نیشتەجێبونی لەناوچەی بەندەر (المیناو) لەڕۆژئاوای شاری غەززە کردە ئامانج، توشی برینی مامناوەندو شکان لەدهستو قاچیدا بوە، بۆردومانەکە بوە هۆی کوژرانی پێنج فەڵەستینیش، بەڵام عامودی ڕزگاری بوەو ئێستا دۆخی جێگیرەو لەشوێنێکی ئارامدا چارەسەر وەردەگرێت.
ئەم لێدوانە یەکەم دانپێدانانی فەرمییە، پاشئەوەی لەڕۆژانی ڕابردودا چەندین سەرچاوە چونی عامودییان بۆ ئەو شوێنە ڕەتدەکردەوەو دەیانوت، پێش سێ کاتژمێر لەهێرشەکە شوێنەکەی جێهێشتوە.
بهگوێرهى گێڕانەوەكان، دوو ئەندامی سیستمی فڕۆکەوانیی سەر بەکەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس، لە2ی تشرینی یەکەمدا چاودێریی چڕی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلییان کردبوو و پێشبینیی هێرشەکەیان کردبوو، پێدەچێت حەماس بەئەنقەست زانیارییەکانی دەربارەی برینداربونی شاردبێتەوە تاوەکو کاریگەری لەسەر خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دابنێت.
عەلی عامودی کێیە؟
عامودی یەکێکە لەکەسایەتییە دیارەکانی حەماسو زۆر لەیەحیا سینوارەوە نزیک بوە، بەشێوازێک کە پێکەوە ماوەیەک لەزیندانەکانی ئیسرائیلدا بونو لەچوارچێوەی گرێبەستی گۆڕینەوەی دیلەکان (ناسراو بەگرێبەستی گهلعاد شالیت) ئازادکران، پێش جەنگ، ناوبراو سەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حەماس بوو، لەکانونی یەکەمی 2025دا بۆ بەڕێوەبردنی مەکتەبی سیاسی لەغەززە دەستنیشانکرا؛ گەیشتنی بەم پێگەیەش چەندین تێبینیو ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لەسەر پێشێلکردنی پهیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەکە لێکەوتەوە.
