شارپرێس:
هێزە سیاسییەکان لەپارێزگای کەرکوک تەقەلای گۆڕینەوەی چوار ناوی دیاری پێکهاتەی تورکمان دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەک جێگرەوەی محەممەد سەمعان ئاغا، ئەمەش پاشئەوەی ناوبراو وەک وەزیری دەوڵەت لەکابینەی حکومەتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران دەستبەکاربوو، هاوکات لایەنە کوردیو تورکمانەکان جەختدەکەنەوە، هیچ ڕێگرییو نەیارییهكیان لەسەر مانەوەی ئەم پۆستە لەچوارچێوەی پشکی تورکماندا نییە تا کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتون.
لیستی ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پێشنیازکراون پێکهاتون لە: (قەحتان وەندەواوی، ماردین تەحسین، ئەحمەد ڕەمزی کۆپەرلو و زەکی مورادلی)، لەم چوارچێوەیەدا، چاوەڕواندەکرێت بەرەی تورکمانیی عێراقی لەکۆبونەوەی فەرمیی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، ناوی كاندیدى کۆتاییو یەکلاکەرەوەی خۆی بۆ بەغداو ئەنجومەنی پارێزگا ڕابگەیەنێت.
عەباس بەیاتلی ئەندامی هاوپەیمانیی تورکمانی بهڕۆژنامەی مهدا-ى وتوه، "پۆستی پارێزگاری کەرکوک بهگوێرهى ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە پێشتر لەنێوان هێزەکانی تورکمان، عەرەبو کورد واژۆکراوە، هێشتا وەک شایستەی پێکهاتەی تورکمان ماوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، چونە ناوەوەی سەمعان بۆ حکومەتی فیدراڵی، دەرفەت دەبەخشێت کە کەسایەتییەکی جێگرەوە بۆ تەواوکردنی ئەو ماوەیەی بۆ پێکهاتەکە تەرخانکراوە دابنرێتو سەرجەم لایەنەکان هاوڕان لەسەر پشتگیریی کاندیدی نوێ.
لای خۆیشییەوە محەممەد جبوری توێژەری سیاسیی لەچاوپێکەوتنێکدا جەختیکردوهتهوه، ناكۆكییهكان ئێستا تەنها لەناوخۆی ماڵی تورکماندایە لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەکە، بهگوێرهى بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، لەقۆناغی داهاتودا دەبێت پۆستی پارێزگار بۆ پێکهاتەی عەرەب بگوازرێتەوە، لەکاتێکدا کە کورد سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی لەدەستدا دەبێتو پێکهاتەی تورکمانیش پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگارى لهلا دهبێت.
ئەم ڕکابەرییە نوێیە پێگەی کارگێڕیی کەرکوک دەخاتە قۆناغێکی هەستیارەوە، کە تێیدا یەکگرتویی بڕیاری پێکهاتەی تورکمان دەبێتە مەرجی سەرەکی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هاوبەشی نێوان لایەنەکان لەناوخۆی شارەکەدا.
