شارپرێس:
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رێنمایی دەرکرد سەرجەم بانکە کاراکانی ناو عێراق پابەند بکرێن بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ بازرگانانی بچوک.
نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رێنمایی دەرکرد بەپابەندکردنی بانکە کاراکانی ناو عێراق بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ بازرگانانی بچوک و خۆنەدزینەوە لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆیان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکەکە، لەڕاگەیەنەراوێکدا ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەکە رێنمایی دراوە بەئاسانکردنی رێکارەکانی کردنەوەی هەژمارو کاراکردنیان، سەرەڕای ئاسانکاریکردن بۆ حەواڵە دەرەکییەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی بانکەکان لەجێبەجێکردنیاندا، لەگەڵ پابەندبووی بانکی ناوەندیی عێراق بەدابینکردنی پاڵپشتیی دارایی پێویست بۆ پڕکردنەوەیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، بانکی ناوەندیی عێراق داوای لەسەرجەم ئەو بازرگانانە کردوە کە مەرجە تایبەتەکانی کردنەوەی هەژمار و ئەنجامدانی حەواڵەی دەرەکییان تێدایە و بەبێ پاساوی یاسایی ڕوبەڕوی ڕەتکردنەوەی کردنەوەی هەژمارە بانکییەکانیان، ڕایینەکردنی مامەڵەکانیان یان پەکخستنی حەواڵەکانیان بونەتەوە، سکاڵاکانیان لەرێگەی سەکۆی فەرمیی سکاڵاکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگیرێتە بەر و بەدواداچون بۆ بانکە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە، ئەم رێنماییانە لەچوارچێوەی سیاسەتی بانکی ناوەندیدا دێن کە ئامانجی فراوانکردنی بازنەی مامەڵەکردنە لەرێگەی کەناڵە بانکییە فەرمییەکانەوەو مسۆگەرکردنی دادپەروەرییە لەدەستڕاگەیشتن بەخزمەتگوزارییە بانکییەکان.
