سعودیە تێكشكاندنی چەند موشەكێكی بالیستیی و كروزی ڕاگەیاند

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سعودیە، تێكشاندنی چەند موشەکێکی کروز و بالیستییان ڕاگەیاند كەئاراستەی ریازی پایتەخت کرابوو.


هاوپەیمانی سعودیە، دوای نوێبونەوەی ململانێکان لەیەمەن بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی نزیک لەئێراندا. لەبەرامبەردا حوسییەکان رۆژانە ناوچە نەوتییەکانی سعودیە دەکەنە ئامانج و هێرشەکانیان دامەزراوەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ناوچە داراییەکانی ریازی گرتوەتەوە.

تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە لەپلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی،" تێکشکاندن و لەناوبردنی موشەکێکی کروز لەلایەن میلیشیای حووسییەوە ئاراستەی ریاز کرابوو".

دوای چەند کاتژمێرێک مالیکی ئاشکرایکرد، بەرگریی ئاسمانی دوو موشەکی دیکەی بالیستیی تێکشکاندوە لەلایەن هەمان میلیشیاوە بەرەو ناوچەی باشور هاوێژرابون، ئەمەش دوای ئەوە هات پێشتر هەواڵی تێکشکاندنی موشەکێکی دیکە لەهەمان ناوچە ڕاگەیەندرا.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە،  بەرگریی شارستانیی سعودیە لەجازان، خەمیس موشەیت و ئەبها لەباشوری وڵاتەکە هۆشداریی مەترسییان بڵاوکردەوە، دوای چەند خولەکێک هۆشدارییەکە هەڵگیرا.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی سەبئای سەر بەحوسییەکان ڕایگەیاند، هێرشێکی سعودیە سەنعای کردوەتە ئامانج، ئاژانسەکە لەرێگەی تێلێگرامەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئامانجگرتنی گەڕەکی بیر ئەبو شەملە لەبەڕێوەبەرایەتی تەحریر لەسەنعا، هەشت خانوی نیشتەجێبون و سێ دوکانی بازرگانی زیانیان پێگەیشتوە. 
بەگوێرەی کەناڵی مەسیرەی سەر بەحوسییەکان، هێرشەکە بووتە هۆی برینداربونی 13 کەس.

هەروەها شەممە کەناڵی مەسیرە ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی سعودیە وێستگەیەکی غاز لەگوندی بەیت شەعبی لەبەڕێوەبەرایەتی بەنی مەتەر لەڕۆژئاوای پارێزگای سەنعاو وێستگەیەکی کارەبای لەموخا لەپارێزگای تائیز کردوەتە ئامانج.