بانكێكی ئەمریكا ڕوبەڕوی گەورەترین داڕمان دەبێتەوەو مایەپوجبونی ڕاگەیاند

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دامه‌زراوه‌ی فیدراڵیی ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، بانكی یونایتد فیدێلیتی له‌ویلایه‌تی ئیندیانا كەبەگەورەترین بانكی ئەمریكا دادەنرێت، مایه‌پوچبونی خۆی ڕاگەیاندوە.

 
دامه‌زراوه‌ی فیدراڵیی دڵنیایی سپارده‌كان، شكستهێنانی بانكی یونایتد فیدێلیتی له‌جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كانیدا ڕاگەیاندو دەڵێت، بانكەكە بڕیاری داخستنی داوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین داڕمانی بانكییه‌ له‌ئه‌مریكا له‌دوای داخستنی بانكی ڕیپابلیك فێرست له‌مانگی (نیسان/4)ی 2024دا.

تۆڕی هه‌واڵیی CNN له‌زاری به‌رپرسانی چاودێرییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، تا ڕۆژی 30ی (ئه‌یلول/9)ی 2026 سه‌رمایه‌ی بانكه‌كه‌ 5.9 ملیار دۆلارو سپارده‌كانیشی 5.4 ملیار دۆلار بوه‌، هه‌روه‌ها تێچوی مایه‌پوچبونه‌كه‌ له‌سه‌ر سندوقی دڵنیایی فیدراڵی به‌ 1.83 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی ئه‌مریكا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌، دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ بانكی فێرست سیتیزنزدا واژۆ كردوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌ژمار و سپارده‌ی كڕیاران و كڕینی زۆربه‌ی قه‌رزو سه‌رمایه‌و لقه‌كانی بانكه‌كه‌ بۆ پاراستنی پاره‌ی سپارده‌داران.

دامه‌زراوه‌ی فیدراڵیی دڵنیایی سپارده‌كان له‌ئه‌مریكا ڕاشیگه‌یاند، وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری ده‌ست به‌سه‌ر بانكی یونایتد فیدێلیتیدا گیراوه‌و به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بانكی فێرست سیتیزنز گواستنه‌وه‌ی سپارده‌و هه‌ژماره‌كان به‌بێ فه‌وتانی پاره‌ی كڕیاران و سپارده‌داران مسۆگه‌ر كراوه‌.