شارپرێس:
هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەنیگەرانییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كردەوە.
هێزەر ناورت لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی لەكۆشكی سپی رایگەیاند، كە ئەمریكا پێشتر نیگەرانی خۆی لەسەر ریفراندۆمی هەرێم دەڕبڕیوەو نیگەرانییەكانیش بەردەوامی هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، نیگەرانی ئەمریكا لەسەر ریفراندۆم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئەو پرۆسەیە دەبێت هۆی زیاتر ناسەقامگیری ناوچەكە بەگشتیو عێراق بەتایبەتی.
هێزەر ناورت جەختیشیكردەوە، ریفراندۆمی هەرێم ئەگەر تەنیا پرۆسەیەك بێتو بۆ سەربەخۆیش نەبێت، ئەوە ئەمریكا هەر نیگەرانەو نایەوێت پرۆسەكە بەرێوەبچێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان رۆژی 7 حوزەیرانی رابردوو رۆژی 25/9/2017یان دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، كە ئەمە نیگەرانی چەند وڵاتێكی بەدواوە هاتووەو نیگەرانییەكانیش بەردەوامی هەیە.
ئەمریكا پێشتریش نیگەرانی خۆی لەو بارەوە راگەیاندبوو، كە هەفتەی رابردوو رێكس تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی سەرەڕای گەیاندنی نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی بەمەسعود بارزانی، داواشی لێكرد پرۆسەكە ئەنجامنەدرێت.
هـ ـ ح