ئێستا وازبێنە نەك دواتر.. چەند رێگایەكی ئاسان بۆ وازهێنان لە جگـەرەكێشان

جیهان

13/06/2019‌ 1954 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو جگەرەكێشانەی، كە هەوڵ دەدەن بەرەبەرە ڕێژی جگەرەكێشان كەمبكەنەوە كەمتر ئەگەری وازهێنانیان هەیە لەوانەی، كە بە یەكجار وازی لێدێنن. 

پاوڵ ئەڤێیارد، پرۆفیسۆری پزیشكی ڕەفتاری لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەڵێت: كێشەی وازهێنان لەجگەرەكێشان شتێك نییە كە هەمیشە بتوانی بەیانی ئەنجامی بدەیت.

هەروەها دەڵێت: دیاریكردنی ڕۆژێك و وازهێنانی یەكجاری لەو ڕۆژەدا كلیلی سەركەوتنە، ئەمەش لەبەر ئەو ڕێگەیەی، كە مێشك شێوازەكانی ئالودەبوونی لێوە فێر دەبێت یان لەبیر دەچێتەوە. 

باسی لەوەش كردووە، كە حەزەكانی جگەرەكێشان دەكرێت لەبیر بچنەوە، بەو مەرجەی، كە هەرگیز لەو كاتانەی حەزت لەجگەرەیە، نەیكێشیت، بۆیە كێشانی جار بە جاری جگەرەیەك بە نهێنی بەردەوامیدانە بە ئازارەكە.

لە نیكۆتین مەترسە
خزمەتگوزاری تەندروستی نەتەوەیی (NHS) پێیوایە، كە كۆمەڵە چارەسەرێكی جێگرەوەی نیكۆتین – وەك لەزگەی نیكۆتینی Nicotine Patch (پێدانی نیكۆتین لە ڕێگەی پێستەوە) لەگەڵ كرداری خێراتری وەك بنێشت جوین یان سپرای لوت – زۆر كاریگەرترە لە پشتبەستن بە یەك تاكە چارەسەر. لیۆنی برۆس، لە ناوەندی ئالوودەبوونی نیشتمانی لە كۆلێجی شاهانەی بەریتانیا دەڵێ كە زۆر لە جگەركێشان كاتێك هەوڵی واهێنان دەدەن وەك پێویست نیكۆتین بەكار ناهێنن.  

یاسا گشتیەكە ئەوە نیە كە لە جێگرەوەكانی نیكۆتین بترسی. لەزگەیەكی نیكۆتینی (كە لەسەر پێست دەدرێ -وەرگێڕ) دەستپێكێكی زۆر باشە، بەڵام كاتێك حەزێكی زۆرت بۆ جگەرە دەچێ، پێویستت بە شتێكە كە خێڕا ڕێگری لێدەكات.''

جگەرەی ئەلكترۆنی تاقیبكەرەوە
گەر لەزگە نیكۆتینییەكان كاریان نەكرد، بە دڵنیاییەوە جگەرە ئەلكترۆنییەكان شایانی تاقیكردنەوەن. لێكۆڵێنەوەیەكی تازە ئەوەی دەرخستووە كە جگەرە ئەلكترۆنییەكان دوو ئەوەندەی لەزگە نیكۆتینییەكان كاریگەرن بۆ یارمەتیدانی جگەرەكێشان لە وازهێنان. نیكۆلا لیدسەن، لێكۆڵەرەوەی پزیشكی ڕەفتاری لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەڵێت '' لەو جگەرە ئەلكترۆنیانەدا پێكهاتەیەكی ڕەفتاری هەیە كە لە دەرمانەكانی دیكەی تایبەت بە وازهێنان لە جگەرەكێشاندا نییە.'' ''كێشانی جگەرەی ئەلكترۆنی شتێك بە خەڵك دەدا كە پەیوەندی بە دەستەكانیانەوە هەیە و یارمەتی لایەنە كۆمەڵایەتییەكانی جگەرەكێشان دەدات. هێشتا داتای پێویستمان بەردەست نییە سەبارەت بە سەلامەتی جگەرە ئەلكترۆنییەكان، بەڵام تا ئاستێكی زۆر دڵنیاین لەوەی كە زۆر كەمتر زیانبەخشن بۆ تەندروستیمان لە جگەرەكێشان.

بەدوای پاڵپشییدا بگەڕێ
ڕێنماییەكانی پەیمانگای نەتەوەیی بۆ تەندروستی و چاودێری نایاب جەخت لەوە دەكەنەوە كە پاڵپشتی ڕەفتاری، نەك تەنیا چارەسەری دەرمانی، زۆر گرنگە بۆ وازهێنانی تەواوەتی لە جگەرەكێشان. ئەم پاڵپشتییە لە خێزانەوە بێت یان هاوڕێیان، یان ڕاوێژكردن بێت لەگەڵ خزمەتگوزاری ناوخۆیی وازهێنانی جگەرە، دەتوانێت هانی جگەرەكێشان بدات بۆ وازهێنان لە جگەرە.

خۆ لە هاندەرەكانی جگەرەكشان بەدوور بگرە
هەر جگەرەكێشێك هاندەرێكی هەیە كە وای لیدەكات حەزێكی زۆری بۆ جگەرە بۆ دروست ببێت. ئەڤێیارد دەڵیت كە لە قۆناغە سەرەتاییەكانی وازهێناندا، گۆڕینی ڕۆتینی ڕۆژانەت بۆ خۆلادان لە هاندەرەكانی جگەرەكێشان زۆر گرنگە. '' خەڵك هەمیشە لە كاتی دیاریكراودا جگەرە دەكێشن، گەر بتوانی ئەم ڕۆتینە بگۆڕی، ئەگەرەكانی خۆبەدەستەوەدان بە هاندەرەكانی جگەرەكێشان كەمدەكەیتەوە و یارمەتی مێشكت دەدەیت بۆ چاكبوونەوە.''
وەرگێران: هێمن عەزیز ئاڵی