هەرێمی كوردستان بۆ دژایەتی پەكەكە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای توركیا دەكات

کوردستان

29/06/2019‌ 1757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ماڵپەڕی مۆنیتۆری ئەمەریكییان راگەیاندوەو، توركیا دەیەوێت كار بۆ مانەوەیەكی بەردەم بكات لە هەرێمی كورستان، ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە پێشمەرگەی هەولێر بەشدارە لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا بەشێوەیەكی هاوبەش.

ماڵپەرەكە باسی ئەو هێرشانە دەكات سوپای توركیا لەژێر ناوی "چڕنوك" دەیانكاتە سەر ناوچەی خواكوركی باكووری كوردستانی عێراق ماوەی مانگێكە بەردەوامە، ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە زیاتر لە 4000 هەزار سەربازی توركی لە دوو لیوای كۆماندۆس و هەندێك تیمی تایبەت لە هێرشەكاندا بەشدارن و ژمارەیەكی زۆر سەربازی توركیش كوژراون.

بەگوێرەی مۆنیتۆر، هێرشەكەی توركیا چەندین ئامانجی هەیە، گرنگترینیان پچڕاندنی پەیوەندی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و كەنارە كوردییەكەیەتی لە باشووری كوردستان و بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگەیە لەپرۆسەی هاوبەشدا لەگەڵ توركەكان بۆ ئەوەی دەست بەسەر خواكوركدا بگرن.

سەرچاوە ئەمنییەكان لە ئەنقەرە قسەیان بۆ مۆنیتۆر كردووە و ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، پرۆسەی چڕنوك وەك پرۆسەی –بەیانی- ساڵی 1997 وایە، كە تێیدا نزیكەی 6000 هەزار سەربازی توركی و 8000 پێشمەرگە بەشدارییان تێدا كرد. 

لە كۆتایی پرۆسەكەدا، كە ماوەی سێ مانگی خایاند سوپای توركیا بە پاڵپشتی پێشمەرگە توانی چەند بنكەیەكی سەربازی لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا جێگیر بكات.

هەروەها سەرچاوەیەكی ئەمنی توركی بە مۆنیتۆری راگەیاندووە، هۆكاری ئاوهەواو بەرزو نزمی زۆری خواكورك وای كردوەو بڵاوبوونەوە لەو ناوچەیە زۆر زەحمەت بێت، بۆیە ئەنقەرە پلان بۆ مانەوەیەكی دورودرێژ دادەنێت لە هەرێمی كوردستان.

هاوكات سەرچاوە ئەمنییەكە ئاشكرایكردووە، ئەنقەرە پلان دادەنێت بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی بچوكی ئارام لە خواكورك لە میانی ئەم هێرشەوە و بە پاڵپشتی و چالاكی پێشمەرگەی هەولێرو رەزامەندی بەغدا.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی تری ئەمنی تر بە مۆنیتۆری راگەیاندووە، لە قۆناغەكانی ئایندەدا لە پرۆسەی چرنوك، سوپای توركیا و عێزی پێشمەرگە پرۆسەی هاوبەش ئەنجام دەدەن لەنموونەی پرۆسەی ساڵی 1997، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە هێرشەكە راستەوخۆ پاش سەردانیكردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عێراق بوە بۆ ئەنقەرە لە كۆتایی مانگی رابردوودا، هەروەها ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی توركیا لە مەراسیمی دانانی سەرۆكی هەرێمی نوێی كوردستان نیچیرڤان بارزانی.

هەر بە گوێرەی ماڵپەرەكە، روونە هەولێر بە تەواوەتی پاڵپشتی پرۆسەكەی خواكورك دەكات، بەڵام بەغدا تاكو ئێستا لەم بارەیەوە بێ دەنگە.

مۆنیتۆر جەختیكردووەتەوە، سێ هۆكاری گرنگ وا دەكەن كارەكەی ئەنقەرە قورس بێت. ئەوانیش كێشەی هێزە كاركەرەكانن لە نێو سوپا توركی لەگەڵ یەكەكانی كۆماندۆزو هێزە تایبەتەكانی تر. پرسیارێكی تر ئەوەیە، تا چ ئاستێك پێشمەرگەی هەولێر داوای ئەنقەرە جێبەجێ دەكات بە هاوكاری توندو تۆڵ لەگەڵ پرۆسەی هاوبەشدا دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسەر گۆرەپان. لە كۆتاییشدا، دۆخی زستان زۆر سەختە دوای مانگی ئۆكتۆبەر.

وەرگێڕان: حیلمی رەسوڵ رەزا