ئایا دەسەڵاتی ئەردۆغان ڕووی لەنشێوی كردووە؟

لە میدیاکانەوە

14/03/2020‌ 1538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی باباجان (٥٢ ساڵ ) وەزیری ئابووری پێشووی توركیا و یەكێك لە هاوپەیمانە كۆنەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان پارتێكی سیاسی نوێی راگەیاند، كە تێیدا سیاسیەتێكی نوێی ئابووری و ماف و ئازادییەكانی بەبنەما گرتووە.

بەگوێرەی قسەی رەخنەگران ئەو هەنگاوی باباجان لەلوتكەی ئەو هەوڵانە دادەنرێت، كە بەرهەڵستكارانی سەرۆكی توركیا دەیدەن بەمەبەستی ڕێگرتن لە هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاكلایەنەی خۆی بەسەر توركیادا.

باباجان لەكاتی راگەیاندنی پارتی دیموكراتییەت و پێشكەوتن (دێڤا) راگەیاند، كە ئیتر كاتی پێشكەوتن و دیموكراتییەتە لە توركیادا.

هەرچەندە باباجان بە ناو باسی ئەردۆغانی نەكرد، بەڵام بە ناراستەوخۆ چەندین رەخنەی ئاراست كرد و داوای كرد دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا دابنرێت، كە دەستەبەری ئەوە بكات دەسەڵاتەكان لەیەكتر جیابكاتەوە و ماف و ئازادییە كەسییەكانیش بپارێزێت و كۆتایی بە خراپ بەكارهێنانی ئاین بۆ مەبەستی سیاسی بهێنێت .

بەرهەڵستكارانی توركیا دەڵێن: ئەردۆغان لەماوەی ١٦ ساڵی فەرمانرەواییكردنیدا زیانی بە ئازادییە تاكەكەسییەكان گەیاندووەو نیگەرانی خۆشیان بەرانبەر بەو هەموارە دەستوورییانە پیشانداوە، كە لەمدواییە كراون و دەسەڵاتێكی فراوان بە سەرۆكی وڵات دەدات لەكاتێكدا پێشتر توركیا پشتی بە سیستەمێكی پەرلەمانی دەبەست، كە هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەكان دروست كردبوو.

پێش باباجان ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیری پێشووی توركیا لەمانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ دا پارتێكی سیاسی سەربەخۆی راگەیاندو وتی: لەڕێگای پارتەكەیەوە دەیەوێت بەرەو هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی داهاتوو بچێت.

ئەو دوو كەسایەتییە سیاسییەی توركیا، كە پێشتر هاوپەیمانی هەرە نزیكی ئەردۆغان بوون كار لەسەر ئەوە دەكەن، كە دەنگی ئەو كەسانە بۆلای خۆیان رابكێشن، كە بەردەوام دەنگیان بۆ پارتی دادو گەشەپیدان داوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی ترسیان لەدۆخی ئابووری توركیا هەیە بەتایبەت لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠١٨ وە . 

بازنەی رەخنەگران و بەرهەڵستكارانی ئەردۆغان بەهۆی سەپاندنی دەسەڵاتی تاكەكەسی خۆی لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی توركیا زیادی كردووە، بەتایبەت ئەو كێشە هەرێمیانەی بەهۆی دەستتێوەردانەكانی توركیا لەكاروباری هەریەك سوریا و لیبیا بۆ توركیا دروست بوون و رۆژانە دەبنە هۆی كوژرانی چەندین سەربازی توركیا لەو وڵاتانە.

دەزگای هەوڵگری توركیا بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی شەقامی توركیا و رای گشتی ئەو وڵاتە و دووركەوتنەوە لە رەخنەكانی هاووڵاتیان، سیاسەتی پەردەپۆشكردنی ئەو زیانە گیانی و مادییە گەورەیەی پەیرەو كردووە، كە بەهۆی سیاستە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغانەوە بەر توركیا دەكەوێت.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا چەندین ئەفسەر و سەربازی لەبەرەكانی شەڕكردنی دەرەوەی سنوورەكانی لەدەستداوە، كە بەڕای چاودێران لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی ٢٠٢٣ دا ئەوە ئەردۆغان دەخاتە ناو دۆخێكی خراپەوە.

لەسەر ئاستی ئابووری و دوای توندبوونەوەی قەیرانی دارایی لە وڵاتەدا،  ئەردۆغان شكستی هێنا لەوەی پێوانەكە لەبەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت، هەرچەندە دەزگاكانی راگەیاندنی حكومەت هەوڵیانداوە وێنەیەكی ئەرێنی بۆ سیاسەتە دارایی و ئابوورییەكانی ئەردۆغان پیشان بدەن .

لەگەڵ هەڵكشانی هەستی دژە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لە توركیا و لەناو پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدارادا، نەك هەر چانسی هەریەك لە باباجان و داودئۆغڵو بەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و دواتر سەرۆكایەتی توركیا، كە لەماوەی دوو ساڵی تر بەڕێوە دەچێت ئەردۆغان ببەزێنن زیاتر دەبێت، بەڵكو تەنانەت ئەو دەنگانەش لەناو توركیا بەرزتر دەبنەوە، كە داوا دەكەن لەماوەی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بەڕێوە بچێت تاوەكو بتوانرێت ئەردۆغان لەو كۆشكە سەرۆكایەتییە بهێننە خوارەوە كە وادیارە نیازی نییە جارێكی تر لێی بێتەخوارەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی