زانیاری لەسەر كۆبوونەوەكەی مەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی

کوردستان

01/07/2020‌ 9757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەیەك لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی ئەنجامدراوەو لەكۆبوونەوەكەش تاوتوێی چەند پرسێك كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەزیاتر لەسەرچاوەیەكەوە دراوە بەشارپرێس، رۆژی سێ‌ شەممە مەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی لەسەری رەش‌و دوور لەچاوی میدیاكان كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوەكە لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بووەو چەند ئامانجێكیشی هەبووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئامانجی یەكەم لەكۆبوونەوەكە، هەنگاونان بووە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا لەداهاتوویەكی نزیك.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكێكی تر لەئامانجەكانی كۆبوونەوەكە، راگەیاندنی پشتگیری یەكێتی بووە بۆ حكومەتی هەرێم بەوەی لەداهاتوو چاكسازی بكات‌و كاریش بكات بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و چارەسەری كێشەكان.

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە، پێشتر گرژییەكی زۆر لەنێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی هەبوو، بەو هۆیەشەوە چەندین جار بڕیاری كۆبوونەوەیاندا، بەڵام كۆبوونەوەكان هەڵدەوەشانەوە.

هـ ـ ح