كــابــیــنــەی نـــۆ.. یـەك سـاڵ لـەژێـر حـكـومـڕانـی "بــراگــەورە"

ڕاپۆرت

11/07/2020‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قەرزاریی، نەدانی موچە، نەبوونی پرۆژەو دابینەكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی‌و نەبوونی سیادەو دوو ئیدارەیی سیما دیارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.

رۆژی 10ی تەموزی 2020 یەك ساڵی تەواو (365 رۆژ) بەسەر سوێندخواردنی مەسرور بارزانی تێپەڕی، كە سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەم دەكات‌و سەرەتای دەستبەكاربوونی رایگەیاند "كوردستانێكی بەهێز بونیاد دەنین".

مەسرور بارزانی لەماوەی ساڵێكی حكومڕانییەكەی، نەك نەتوانی "كوردستانێكی بەهێز" وەك ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەكات بونیاد بنێت، بەڵكو لەماوەی ئەو 365 رۆژەدا، جگە لە شكست هیچ شتێكی تری لەبواری حكومڕانی نەكردووە لەهەرێم.

لەو بارەوە پەرلەمانتاری كورد هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت: حوكمڕانی بە ئینشا و پیاهەڵدان و خۆڵكردنە چاوی خەڵك و فرۆشتنەوەی شكست بە تامی سەركەوتن نابێت، بە بەڵێنی بێئاسۆی جێبەجێبوون و بەوەش نابێت لەگەڵ شەقام دوو ڕوو بیت.

هۆشیار عەبدوڵڵا دەشڵێت: ساڵێك تەمەنی ئەم كابینەیە بەسە بۆ ئەوەی لێت رون و ئاشكرا بێت، كە تا سەر ئێسقان شكستخواردوە بووەو دەبێت، چونكە نەك ساڵی یەكەم ۱٠٠ رۆژی یەكەم سیگناڵ و موئەشرێكی باش و زانستییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاو و پلانە ستراتیژییەكانی هەر حكومەتێك، ئیدی چاكسازی چی؟ كامە؟ كوا؟ كەی؟‬‬

ئێستا هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەوەكە، بەشێوەك دارووخاوە، كە وەك چاودێران باسی دەكەن، ئەستەمە جارێكی تر بتوانرێت بكەوێتە سەر پێی خۆی‌و بگەڕێتەوە سەردەمی پێشووی بەو هەموو كەموكوڕییانەش لەرابردوو هەبووە لەهەرێم.

هەرچەندە دروشمی كابینەی نۆیەم "بوندیادنانی كوردستانێكی بەهێز" بوو، بەڵام ئێستا ئابورییەكی داڕمای هەیە، كە ئەویش خۆی لە 27 ملیاری قەرزای دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەنەدانی موچەی فەرمانبەران‌و نەبوونی خزمەت گوزاری.

ژیانكردن لەژێر كابینەكەی مەسرور بارزانی لەماوەی ئەو ساڵەدا بەشێوەیەك بووە، كە رۆژ نەبووە لەناوچەیەكی كوردستان خۆپیشاندان بۆ نەبوونی موچە، یان نەبوونی خزمەتگوزاری نەكرێت.

جگە لەداڕماوی ئابوورییەكەی، نەبوونی سەروەری سیمایەكی تری كابینەكەی مەسرور بارزانییە، بەشێوەیەك ئێستا سوپای توركیا بە بەردەوامی هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی هەرێم‌و سەدان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكەكەی، لەگەڵ ئەوەش ناوە ناوە سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم دەكات.

هۆشیار عەبدوڵڵا لەهەڵسەنگاندنێكی بۆ كابینەی نۆیەم دوای سەد رۆژ ئەوەش دەڵێت: دوای تێپەڕبزونی ساڵێك بەسەر تەمەنی كابینەی نۆدا، چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم مەگەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بن، كە ئەوانیش بریتین لە دواخستن و كەمردنەوەی موچەو لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین تەنیا بە قسەو دامەزراندنی یاریدەدەر بۆ سەرۆك بە جوملەو هێشتنەوەی مەلەفی نەوت بەهەمان سیاسەتی كابینەكانی رابردوو، هێشتنەوەی داهاتی ناوخۆ و گومرگەكان لەناو تاڵانیی و جەردەییەكانی زەمانی زوو، سەرباری بوونی وەزارەتێك بۆ تەندروستی دامەزراندنی دەزگایەك بۆ دەرمان‌و هێشتنەوەی بندیوار و حیزبی و ناوی دووبارە لە ناو لیستی موچەخۆران‌و قڕ و قپكردن بەرانبەر تەراتێنی سوپای داگیركەران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و تۆخكردنەوەی دێگەڵە وەك سنووری نێوانیان.

هەرچەندە كابینەكەی مەسرور بارزانی لەپشكی پارتی دیموكرات‌و بە بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی بونیادنراوە، بەڵام ئەوەندی ئەو دوو حیزبە بەحكومڕانییەكەی ناڕازین‌و رەخنە دەگرن، ئەوەندە لایەنەكانی ئۆپۆسیۆن ناڕازی‌و رەخنەگر نین.

مەسرور بارزانی هۆكاری شكستەكەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و داڕمانی نرخی نەوت‌و رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام چاودێران وای دەبینن، ئەگەر لەهەرێمی كوردستان ویستی چاكسازی‌و حكومداری باش هەبووایە، ئەوە هەرگیز دۆخی هەرێمی كوردستان بەم ئاستەی ئێستا نەدەگەیشت.

كابینەی نۆیەم لە (21) وەزارەت پێكدێت، كە (8) وەزارەت‌و سەرۆكایەتییەكەی لای پارتی دیموكراتە، بۆیە چاودێران بەرپرسیاری گەورەی ئەو شكستە دەخەنە ئەستۆی پارتی دیموكرات.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش یەكێتی وەك لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت بەرپرسیارییەكەی لەسەر لاناچێت‌و بەشێكی زۆری شكستەكەش دەكەوێتە سەر ئەو حیزبە، كە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و شەش وەزارەتی لایە.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەویش بەشداری لە كابینەی نۆ كردووەو (4) پۆستی وەزاری وەرگرتووە، بۆیە چاودێران باس لەوە دەكەن، كە هەرچەندە گۆڕان بەشدارە لەحكومەت دەسەڵاتی نییە، بەڵام بێ‌ هەڵوێستییەكەی بووەتە هۆی ئەوەی ئەم كابینەیە رۆژ دوای رۆژ شكستی نوێ‌ بنووسێتەوە.

گۆڕان وەك ئەوەی خۆی رایگەیاندبوو، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەهەرێمی كوردستان بەشداری كابینەی نۆیەم دەكەن، بەڵام وەك بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە باسی دەكەن، ئەم كابینەیە نەك چاكسازی نەكردووە، هیچ نییەتێكی نییە بۆ ئەنجامدانی چاكسازیش لەهەرێم.

لەو بارەشەوە ئەو پەرلەمانتارەی كورد دەڵێت: ‫ئەو بەڵێنە شەش مانگییەی لە كابینەی نۆ درابوو بۆ چاكسازی بوو بە ساڵێك و هیچی لێسەوز نەبوو، ئێستا ئیدی وازیان لەوە هێناوە كات بۆ چاكسازی دیاریبكەن دەڵێن گرنگ ئەوەیە بكرێت جا كەی؟ گرنگ نییە.‬

باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا سەردەمی تاوانكردنە بەناوی چاكسازییەوە، مەگەر كەمكرنەوەی موچەیان ناو نەناوە رێكخستنەوەی موچە، ئەوەی كە بریارە و وەعدە و بەیاننامەیە، كە تەنیا بۆ یەك مانگ دەبێت و بەس.‬


لەماوەی رابردوو یاسایەك بەناوی "چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان"‌و چوار بڕیاری تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ چاكسازی لە دەروازە سنورییەكان‌و باج‌و بەخشینی گومرگی دەرچوو، بەڵام ئەوانە تائێستا نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردن.