لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنوسان لە سەر ڕێگری لە كاری ڕۆژنامەنوسان لە هەولێر هاتەدەنگ

کوردستان

20/02/2023‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لەسەر ڕێگری لە ڕووماڵكردنی خۆپیشاندانی خوێندكارانی بەشەناوخۆی زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر لەیەن بەرپرسانی بەشە ناوخۆییەكەوە، لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنوسان وێڕای ئیدانەكردنی ئەو ڕێگرییانە لە ڕۆژنامەنوسان، داوا لەلایەنە فەرمیەكان دەكات، ملكەچی دەستور و یاسا و رێسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان ببن.

لە ڕاپۆرتێكدا، لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری كاروباری بەشی ناوخۆیی زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر رێگری لەژمارەیەكی زۆری رۆژنامەنوسان كرد روماڵی خۆپیشاندانێكی خوێندكاران بكەن و دەستدرێژیشی كردە سەر پەیامنێرێكی ڕۆژنامەوانی و بەتوندی لێیدا و ئامێرەكانی تێكشكاند.

ڕۆژنامەنوس نەبەز رەشاد لەوبارەیەوە بە لیژنەی پاڵپشی رۆژنامەنوسانی لە عێراق ڕاگەیاند، لەگەڵ پەیامنێرانی ئاژانسەكانی شارپرێس و كۆباس و وڵات و كەناڵی nrt ، هەژار ئەنوەر و تیمان رەواندوزی و ئەیوب ساڵح و محەمەد خەلیل شوانی و چۆمان محەمەد، لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانێك كە قوتابیانی بەشی ناوخۆیی زانكۆكە رێكیان خستبوو وەكو ناڕەزایەتی دەربڕینێك بۆ خراپی خزمەتگوزاریەكان و نەبونی ئاو و كارەبا، بەڕێوەبەری بەشەكە دەستدرێژی كردە سەر نەبەز رەشاد و لێیدا و رێگەی پێنەدا روماڵی خۆپیشاندانەكە بكات.

بەوتەی ئەو ڕۆژنامەنوسە، بەڕێوەبەرەكە قسەی نەشیاو و سوكایەتی بە پەیامنێر و كامێرەمانەكان كردوە و ئامێری هەندێكیشیانی تێكشكاندوە و داوای لێكردون هەر بەپەلە شوێنی خۆپیشاندانەكە بەجێبهێڵن و وێنەگرتن رابگرن.

لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنوسان ئیدانەی ئەو دەستدرێژیە دەكات كە كراوەتە سەر رۆژنامەنوسان لە هەولێر و داوا لەلایەنە فەرمیە بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، رۆژنامەنوسە عێراقیەكان پارێزراوبن لەكاتی روماڵكردنی روداوەكان و ملكەچی دەستور و یاسا و رێسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان ببن.

لیژنەكە داوا لە كۆمەڵە یاساییە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و نەتەوەیەكگرتوەكان دەكات بەدواداچون بۆ ئەو حاڵەتانە بكەن كە روبەڕوی رۆژنامەنوسان دەبێتەوە.
س.س

بەپەلە