شارپرێس:
دەرچەی "ئۆرکزیز" لە بیابانی تندوف، لە باشووری
ڕۆژئاوای جەزائیر، جارێکی دیکە پرسیاری زانستیی لەبارەی مێژووی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکەکان
بۆ سەر زەوی درووست کردووە؛ بە تایبەتیی دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی نوێ تەمەنی بە
نزیکەی 10,000 ساڵ خەمڵاندووە، لە کاتێکدا خەمڵاندنە پێشووترەکان تەمەنی بە 70 ملیۆن
ساڵ هەژمار کردبوو.
دەرچەکە کە درێژییەکەی نزیکەی 3.5 کیلۆمەترە، یەکێکە لەو
دیاردە جیۆلۆژییانەی جەزائیر کە بەڵگەی ڕووداوە کۆسمییە کۆنەکان لەخۆ دەگرن. گرنگییەکەی
دوای لێدوانەکانی ڕەتیبە سەحوی، توێژەری جەزائیری، لە کۆڕێکی زانستیی لە شاری وەهران
لەم مانگەدا، زیاتر بووە.
سەحوی ئاماژەی بەوە داوە کە شیکردنەوەی ماددە ماوەکانی
شوێنەکە، تەمەنی بە نزیکەی 10,000 ساڵ دەخەمڵێنێت. ئەم جیاوازییە زۆرە پرسیاری لەبارەی
دروستیی خەمڵاندنە نوێیەکە درووست کردووە. بەڵام تا ئێستا پێویستە ئەم تەمەنە وەک
زانیارییەک کە بە توێژەرەکە دەدرێتەوە، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ئەنجامێکی
زانستیی کۆتایی؛ تا توێژینەوە سەرەکییەکە و شێوازی دیاریکردنی تەمەنەکە پشتڕاست نەکرێنەوە.
جەزائیر چوار شوێنی ناسراوی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکی تێدایە:
ئۆرکزیز، تالمازان، تین بیدەر و ئومگید. ئەم شوێنانە دەتوانن یارمەتیی توێژەران بدەن
بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی بەرکەوتنی تەنە ئاسمانییەکان و گۆڕانکارییەکانی توێکڵی زەوی.
هەروەک گرنگیی زانستی، ئەم شوێنانە توانای گەشەپێدانی گەشتیاریی
جیۆلۆژیییشیان هەیە، بە مەرجێک پارێزگارییان لێ بکرێت و توێژینەوەی مەیدانیی وردیان
لەسەر ئەنجام بدرێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی