نیشانە سەرەتاییەکانی شەکرەی جۆری دووەم کە نابێت پشتگوێ بخرێن

تەندروستی

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دووبارە بوونەوەی تینوێتیی، ماندووبوونی بەردەوام و نیشانەی دیکەی تەندرووستی، لەوانەیە سەرەتا شتێکی ئاسایی بن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ زۆر میزکردن یان تێکچوونی بینین دووبارە ببنەوە، پێویستە گرنگییان پێ بدرێت. 

شەکری جۆری دووەم دەتوانێت بە هێواشی پەرە بسێنێت و نیشانەکانی لە سەرەتادا سووک بن، بە شێوەیەک کە بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێن. هەندێک جار چەندین ساڵ تێدەپەڕێت پێش ئەوەی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت.

بەپێی ماڵپەڕی تەندرووستیی "هێڵس لاین"، تینوێتیی زۆر، زۆر میزکردن و زیادبوونی برسێتی لە نیشانە سەرەتاییە گرنگەکانی ئەم نەخۆشییەن. بەڵام تەنیا ئەم نیشانانە بەس نین بۆ دەستنیشانکردنی شەکرە، چونکە لەوانەیە هۆکاری تەندرووستیی دیکەشیان هەبێت.

تینوێتی و زۆر میزکردن
کاتێک ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە، گورچیلەکان هەوڵ دەدەن گلوکۆزی زیادە لە ڕێگەی میزەوە دەربکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر میزکردن و هەندێک جار لە خەو هەستانەوە لە شەودا. لەگەڵ لەدەستدانی شلە، تینوێتی زیاد دەکات و کەسەکە پێویستیی زیاتر بە خواردنەوەی ئاو دەبێت.

هەروەک، کەسەکە لەوانەیە تەنانەت دوای خواردنیش هەست بە برسێتی بکات، چونکە خانەکانی جەستە بە شێوەیەکی درووست سوود لە گلوکۆز وەرناگرن بۆ بەرهەمهێنانی وزە.ی

ماندووبوون و تێکچوونی بینین
لە نیشانەکانی دیکەدا ماندووبوونی دووبارەبووەوە، کەمبوونەوەی وزە، تێکچوونی بینین، درەنگ چاکبوونەوەی برین، هەروەها دووبارەبوونەوەی هەندێک تووشبوونی پێست و هەوکردنی کەروویی هەن. بەپێی "مایۆ کلینیک"، نەبوونی ئازار یان توانای بەردەوامبوون لە چالاکییە ڕۆژانەکان، بوونی نەخۆشییەکە ڕەت ناکاتەوە.

ڕەشبوونی پێست و نەبوونی نیشانە

هەندێک کەس لەوانەیە لە دەوری ملیان یان ژێر باڵیاندا پەڵەی ڕەش و ئەستوور ببینن. ئەم دۆخە لەوانەیە پەیوەندی بە بەرگریی ئەنسۆلینەوە هەبێت، بەڵام بە تەنیا نیشانەی دڵنیای شەکرە نییە.

لە بەرامبەردا، هەندێک کەس هیچ نیشانەیەکی ڕوونیان نابێت. بۆیە، بە تایبەتی لەگەڵ قەڵەویی، کەمی جووڵە، مێژووی خێزانیی شەکرە یان شەکری دووگیانیی پێشوو، پێویستە پزیشک ببینرێت.

پشکنینەکان دەتوانن تاقیکردنەوەی شەکری خوێن یان شەکری کۆکراوەی خوێن (HbA1c) بگرنەوە کە ناوەندی ئاستی شەکر لە ماوەی نزیکەی 3 مانگدا دەردەخات. دەستنیشانکردنی زوو و دەستپێکردنی چارەسەری گونجاو، مەترسیی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشییەکە کەم دەکاتەوە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی