عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک بۆ 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزدەکاتەوە

عیراق

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باسم محەممەد خزر، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان پلانی هەیە بەرهەمی نەوت لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک بۆ 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، هەروەک سوودوەرگرتن لە 500 ملیۆن پێی سێجا گازی سروشتی لە ڕۆژێکدا لەو کێڵگانە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی "واع" بڵاوی کردۆتەوە، لە چوارچێوەی ستراتیژی حکومەت و وەزارەت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گاز، بەڕێوەبردنی کارەکانی چوار کێڵگەی کەرکووک، واتە کەرکووک، بای حەسەن، خەباز و جەمبوور، لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورەوە گوازرایەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئەو کێڵگانە.

وەزیری نەوت ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای "BP" هاوبەشێکی ستراتیژییە لە بواری وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا، و کارکردن بە گیانی  یەک تیمی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگاری و کۆسپەکانی بەردەم پڕۆژەکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆژەکە لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییە تەنیا لە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی نەوت و گازدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە قۆناغی داهاتوودا ڕاهێنانی کادرەکانی وەزارەت، گواستنەوەی شارەزایی و تەکنەلۆژیا، هەروەک درووستکردنی ژێرخانی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوخۆیی دەگرێتەوە.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی