بەتوندی هێرشی دەكرێتە سەر
لێدوانێكی فوئا مەعسوم لەسەر سەربەخۆیی كاردانەوەی پارتی لێدەكەوێتەوە

عیراق

03/08/2017‌ 6245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێدوانێكی فوئادد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لەپشكی كورد، كاردانەوەی توندی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتووەتەوەو پەرلەمانتارێكی ئەو پارتەش هێرشی توند دەكاتە سەر ناوبراو.

فوئاد مەعسوم لەچەند رۆژی رابردووداو لەچەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی دیبلۆماسی بیانی لەعێراق قسەی لەسەر پرسی ریفراندۆم كردووەو رایگەیاندووە، كە دەبێت كورد لەو بارەوە گفتوگۆی زیاتر بكات.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەو قسانەی فوئاد مەعسوم نیگەرانی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی لێكەوتووەتەوە، وای دەبینن، كە سەرۆك كۆمار لەپری ریفراندۆم پاشەكشەی كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، پارتی دیموكرات پێیوابووە، كە نابێت فوئاد مەعسوم بەو شێوەیە قسە لەسەر پرسی ریفراندۆم بكات، بەتایبەتی پێشتر هاوكاری شاندە كوردییەكان بووە لەبەغدا، بەتایبەتی ئەو شاندانەی بۆ پرسی ریفراندۆم قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كردووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە فوئاد مەعسوم، پێشتر كۆبوونەوەی بۆ شاندە كوردییەكان رێكخستووەو هاوكاری كردوون، بەڵام ئێستا زۆر لەگەڵیان ناچێتە پێشەوەو هاوكارییەكانی كەمكردووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و مەسعود بارزانی بڕیاریانداوە، رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی لێكەوتەوەو كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیە.

لەلایەكی ترو هەر لەسەر ئەو پرسە پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات بێریوان خەیلانی‌و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند "قسەكانی فوئاد مەعسوم مەترسین، بەتایبەتی ئەو قسانەی لای شاندە دیبلۆماسییەكان دەیكات، كە ئەوە سوكایەتییە بەئیرادەی گەلی كورد".

وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی راگەیاندووە، فوئاد مەعسوم لەسەر پشكی كورد پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرتووەو دەبێت لەهەموو هەوڵەكانیشی لەپۆستەكەی لەپێناوی گەلی كورد بێت، نەك پێچەوانەی ئیرادەی گەلەكە بێت.

هـ ـ ح