بارزانی: ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێدەكرێت‌و پاشگەزبوونەوە لێی نییە

کوردستان

03/08/2017‌ 863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی جەختیكردەوە، كە پێویستە جیهان ئاگاداری ویست‌و ئیرادەی گەلی كوردستان بێت‌و راشیگەیاند "بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجیدەكرێت‌و پاشگەزبوونەوە لێی نییە".

مەسعود بارزانی راشیگەیاند "ریفرامدۆم مافێكی سرووشتی‌و ئاسایی گەلەكەمانە‌و تەنیا گەلی كوردستانیش بڕیار دەدات، كە چ كاتێك گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم نەك خەڵكی تر".

بارزانی هەروەها رایگەیاند "یەكگرتنی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئارزوومەندانە بووە ئەویش بەمەرجی جێبەجێكردنی شەراكەت‌و بنەماكانی دەستوورو سەرباری ئەوەی گەلی كوردستان جینۆساید كراو نەهامەتی بەسەردا سەپێندرا، لەقۆناغی دوای 2003 شەراكەت و تەوافوق و دەستوور پێشێل كرا و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شكستخواردووی ڕابردوو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە".

ئەو قسانەی بارزانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ سیسێڵ برێی باڵیۆزی نەرویج لەعێراق‌و شاندێكی یاوەری كرد، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی داعش و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ‌و ڕایگەیاند "ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی گەشەی داعش هێشتا ماون، بۆیە مەترسی سەرهەڵدانی دیاردەی هاوشێوەی داعش لەئارادایە"و ئەوەیشی خستەڕوو، كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنە پێویستەو لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە شەڕی هزری‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی تیرۆریش بكرێت.

هـ ـ ح

بەپەلە