هاوپەیمانی نیشتمانی بەهۆی هەڵوێستەكانی بارزانی سەردانەكەی بۆ هەولێر دوادەخات

عیراق

07/09/2017‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵڵا زەیدی، بەرپرسی مەلەفی كوردی لەهاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانی عێراق رایگەیاند، سەردانی شاندی هاوپەیمانییەكەیان بۆ هەولێر دوادەخەن.

عەبدوڵڵا زەیدی لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ پێنج شەممە راشیگەیاند، دواخستنی سەردانی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەولێر پەیوەندی بەهەڵوێستی مەسعود بارزانییەوە هەیە، كە سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم.

بەرپرسی مەلەفی كوردی لەهاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان هەروەها رایگەیاندووە، سووربوونی مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، كێشە بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دروستدەكات، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەكان.

قسەكانی ئەو بەرپرسە شیعەیە لەكاتێكدایە، مانگی رابردوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر كۆبووەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم لە 25 ئەم مانگە.

بڕیاربوو بەم نزیكانە شاندێكی هاوپەیمانی نیشتمانیش بۆ هەمان مەبەست سەردانی هەولێر بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن.

هـ ـ ح